Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2017/05/18 18:10
نوسەر: جینۆساید كورد

ئەنفال و تێكدانی بونیادی ئابووریی كوردستان

ئەنفال و تێكدانی بونیادی ئابووریی كوردستان
فەیسەڵ عەلی
هیچ وڵات و هەرێم و ناوچەیەك بەبێ بوونی بونیادو پەیكەرێكی ئابووریی تۆكمە ناتوانێ لەبەردەم بچوكترین قەیرانی ناوخۆیی یان دەرەكییدا خۆی رابگرێت، بتوانێ بەرگری لەخۆی بكات، لەبەر ئەوە مێژوو ئەو راستییەی سەلماندووە كە ئەو دەوڵەتانەی نەیاتوانیوە بونیادو پەیكەری ئابوورییەكانی خۆیان بەشێوەیەكی دروست رێك بخەن، هەرگیز نەیانتوانیوە بەرگەی هەڕەشەو گوشارە دەرەكییەكان بگرن. ئەمەش وای كردووە كە هەڕەشەی ئابووری و كۆسپ و تەگەرە دروستكردن لە نێوان دەوڵەتاندا بۆ گوشارخستنەسەر ئەوەی تر لەكاتی ناكۆكی و كێشمەكێشە سیاسییەكاندا رۆڵێكی گەورە بگێڕیت.
لەروانگەی ئەو راستییەی سەرەوەدا، بەردەوام نەتەوە سەردەستەكانی ئەو دەوڵەتانەی لەچەند نەتەوەیەك پێكدێن، هەوڵیان داوە بەردەوام كۆنتڕۆڵی كایە ئابوورییەكان بكەن و ئەوانی تری لێ بێبەش بكەن، هەروەها ئەو ناوچانەی ئەوانی تری لێ نیشتەجین، بەردەوام لەرووی ئابوورییەوە بەدواكەوتووی بهێڵنەوە، تاوەكو بەردەوام چاویان لەدەستی ئەوانی تر بێت، بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانیان روو لەوان بكەن، لاوازی بونیادی ئابووریی ئەو ناوچانە، وا لە دانیشتوانەكەی دەكات، كە هەرگیز بیر لە هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی نەكەنەوە، چونكە ئەوان لەرووی ئابوورییەوە لاوازن و بەرگەی گوشارو هەڕەشەی دەرەكی بۆ ماوەیەكی درێژ ناگرن.
سیاسەتی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق بەدرێژایی دروستبوونی دەولەتی عیراقی لەساڵی ١٩٢١وە جەختی لەسەر ئەو راستییە كردۆتەوە، جگە لە ناوەراستی عیراق، هەردوو ناوچەی شیعەنشین و كوردنیشینی بەردەوام لە رەوشێكی دواكەتووی ئابوورییدا هێشتبوەوەو بەردەوام رێگر بووە لەوەی كە ببنە ناوچەیەكی پێشكەوتوو لە رووی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیارییەوە. سەرەتا لەو ناوچانەوە دەستیان پێكردووە كە ئێستای ناوچەی جێ ناكۆكی نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستانە، هێندێك لەو ناوچانە، بە حوكمی درێژی مەودای زەمەنی تەعریب و چۆڵكردنی لە كورد، بەهۆی بەپیتی خاكەكەی و بوونی ئاوی زۆری هەر زوو كراونەتە ناوچەی عەرەب نشین، واتە هەر ناوچە نەوتییەكان نین بەتەنیا كەكاری تەعریب و دەركردنی كوردی تێدا ئەنجامدراوە.
ئەگەر تەماشای نەخشەی پیشەسازی عیراقی بەر لە راپەرینی بەهاری ١٩٩١ بكەین، بەروونی ئەو راستییەمان بۆ دەردەكەوێ، كە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان كاریان بۆ بێبەشكردنی پارێزگاكانی كوردستانی ئێستا، بە كەركوك و خانەقینیشەوە كردووە لە هەر پرۆژەیەكی پیشەسازی كە رۆڵی لە بونیاتنانی ئابووریی ناوچەكەدا هەبێت، ببێتە ناوچەیەكی راكێشی دانیشتوان، بەڵكو سیاسەتەكە بۆ ئەوە بووە ئەو ناوچانە ببنە دەركردنی دانیشتوانەكەی بەوەی كە ناوچەیەكن كە ناتوانن دەرفەتی كار بڕەخسێنن. ئەمە سەرەرای ئەوەی بەبەردەوام حكومەت بەزۆر كوردی لەناوچە سنورییەكانی نێوان كوردستان و ناوەند بەتایبەتی ئەوانەی فەرمانبەری حكومەت بوونە گواستۆتەوە بۆ پاریزگاكانی بەناو حوكمی زاتی.
دوای رێكەوتنامە شومەكەی جەزائیر، حكومەتی بەعس بەناوی رێككەوتنامەی ئەمنیەوە لەگەڵ ئێران، بە زۆرەملێ دانیشتوانی نزیك سنوری نێوان ئێران و عیراق لە كوردستان لەگوندەكانیان هەڵكەند، ئەمیش وەك بەشێكی تری سیاسەتی چۆڵكردنی ئەو ناوچانەی كە دانیشتوانەكەی دەتوانن بەهێزو بازووی خۆیان بژێوی ژیانی خۆیان دابین بكەن، لەهەمانكاتدا سەرچاوەیەكی گرنگی پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگەو بزوتنەوەی رزگاری خوازی كوردستان بن.
بەرنامەو ستراتیجییەكانی حكومەت بەردەوام روو لەهەڵكشان بوو، بۆ هەڵتەكاندنی ئەو ناوچانە بوونە كە سەرچاوەی سەرەكی بەهیزكردنی بونیادی ئابووری بوونە، هەر لەسەرچاوە سروشتییەكانی وەك نەوت، ئاوو كانزاكانەوە بیگرە تا دەگاتە هیزی مرۆیی كە بەتوندی بەخاك و ئاوەكەی خۆیەوە پەیوەستبووە. دابڕاندی دانیشتوانی قەزاو ناحیەو گوندەكان لە خاك و سەرچاوە ئابوورییەكانیان، گواستنەوەیان بە بەهانەی جیاواز جیاوازەوە، گۆڕینی رەفتاری ئابووریی ئەو خەڵكەی لێكەوتۆتەوە، لە كەسانی بەرهەمهێنەوە بۆ كاسانی بەكابەر، لەكەسانێكەوە كە توانیویانە لەناوچەكانی خۆیان زامنی سەرچاوەی داهاتی خۆیان بكەن، بۆ كەسانێك كە وێلبن بەدوای دەرفەتێكی كاردا ئەگەر كاتیش بێت، تاوەكو لانی كەمی پێداویستییەكانی ژیانی خۆیان و خیزانەكانیان دابین بكەن.
ئەنفال، بەر لەوەی پرۆسەی لەناوبردنی گەلێكی بێ پشتیوان بێت، لەو هەلومەرجەی كە پرۆسەكەی تێدا ئەنجام درا، لەبنەڕەتدا بۆ سڕینەوەو هەڵتەكاندنی بونیادی ئابووریی كوردستان بوو، تاوەكو بەهیچ جۆرێك، جارێكی تر كورد نەتوانێ لەهەلومەرجێكی لەبارتردا هێزە شاراوەكانی ئەو ناوچانە بەگەڕ بخات، بیكاتە سەرچاوەیەكی گرنگی بەرەو پێشبردنی ئابووریی هاوڵاتیان، ناوچەكانیان وەك ئەوەی لەهەموو دەوڵەتانی تری جیهاندا ئەنجامدراوە.
ئەنفاڵ، بەرنامەیەكی ستراتیجی بەعس بوو، بۆ پەكخستنی پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووریی كوردستان، لەڕێی وێرانكردنی كەرتە بەرهەمدارییەكانی كوردستان بەتایبەتیش كەرتی كشتوكاڵ، كەسەرچاوەیەكی گەورەی داهات و فەراهەمكردنی پێداویستییەكانی خەڵكی كوردستان بوو. ئەو بەرنامەیە لەسایەی هەموو دەسەڵاتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراقە پیادە كراوە، توندترینان لەسەردەمی بەعسدا بووە، كە جگە دەركردن، بۆردومان و كیمیابارانكردنیشی گرتەوە.
وێرانكردن و سوتماككردنی زیاتر لە(٩٢%) ی تەواوی گوندەكانی كوردستان، بۆ داماڵینی مرۆڤی كورد بوو لەپرۆسەی بەرهەمهێنان و پەرەدان بە توانا بەرهەمدارییەكانی بوو. ئەوكات و پێشتر ئەو ناوچانە دەیانتوانی (٥٠%) پێداویستییە خۆراكییەكانی هەموو عیراق دابین بكەن، كە كشتوكاڵی كوردستان بەسەبەتەی خۆراكی عیراق ناسرابوو، لەگەڵ ئەو گرنگییە زۆرەیدا، حكومەت رێگر بوو لەوەی ئاستی بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا لەو كەرتەدا پێشكەوتووبێت، ئەمە جگە لەوەی كە خودی سیاسەتی كشتوكاڵی ئەوكاتەی حكومەتی عیراق پشتگوێ خستنی بە ئەنقەستی پەرەدان بوو بەناوچە كشتوكاڵییەكانی كوردستان. ئەنفال بەدیوێكی تریدا تێكدانی لاسەنگی نێوان شارنشینی و لادێ نشیندا بوو، بەو جۆرەی ئەوانەی لە هەڵمەتەكانی قڕكردنی كوردا قوتاریان بوو، لە ئۆردوگا زۆرە ملێكاندا بەزۆر نیشتەجێكران، بەبێ ئەوەی لەوێدا هیچ سەرچاوەیەكی بژێوییان بۆ فەراهەم بكرێت، تاوەكو ناچاریان بكەن یان ئەوەتا بچنە ریزی ئەوەی پێی دەگوترا ئەفواجی خەفیفە یان ئەوەتا پەنا ببنە بەر شارەكان بەدڵشكاوی و هەناسەسادری دوور لە كارو بەرهەمەكانی خۆیان، وێڵی گەڕان بن بەدوای دەرفەتێكی كاتی كاردا، بۆ ئەوەی لانی كەمی پێداویستییەكانی خۆی خێزانەكەی پێ دابین بكرێت. ئەمە بەدیوێكی تریدا، بۆ بێ هیواكردنی مرۆڤی كوردو كوشتنی گیانی بوونی نەتەوەیی بوو، كە بە ئاراستەیەكدا بیبات كە هەرگیز بیر لە رزگاربوون نەكاتەوە، بەتایبەتی كە ئەو لەو پرۆسە بەدناوەدا توانی ئەگەر بۆ كاتیش بێت، لە خاكەكەی كە سەرچاوەی ژیان و گوزەرانی بوو، لەو بزوتنەوە رزگاریخوازەشی دابڕێت كە تاكە ئومێدی ئەوكاتەی بوو بۆ ئەوەی ئومیدی ئایندەیەكی گەشی پێ ببەخشێت و، بەرەو روناكی ببات.
چڕكردنەوەی هاوڵاتیانی كوردستان لە ئۆردوگا زۆرەملێكاندا، بۆ تێكدانی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی كوردەواری و تێكدانی شیرازەكەی بوو، بۆ ئەوەی ستراكچەری شارو لادی بشێوێنێ، بە جۆرێك چیدی شارەكانی كوردستان لەشار نەچن و تەنیا گوندێكی گەورەبن، پەیوەندییە كۆمەڵایەتیی و ئابوورییەكانی بەستا دوای دسەریەكدا تێكبشكێنیت، بەئاسانی نە شارەكان، نە لادێكانیش نەتوانن لەسەر پێی خۆیان رابوەستن و بەئاسایی گەشەبكەن و پەرەبستێنن، یان جارێكی تر ئەو پەیوەندییە ئاساییەی نێوان ئەو دوو لایەنە ئاسایی بێتەوەو بگەڕێتەوە دۆخی جاران. ئەوەتا ئێوو دەیە لە ئازادی و رزگاری هێشتا نەتوانراوە، وەك ئەوەی كە دەبوو بكرێ ئەو هاوسەنگییە بگێڕدرێتەوە، دێهاتەكان لەگەڵ ئەوەی زۆرێكیان دەستی ئاوەدانی پێڕاگەیشتووە وەلێ نەك هەر نەیانتوانیوە ببنە سەرچاوەیەكی گرنگی دابینكردنی بەشێكی بەرچاوی پێداویستییە خۆراكییەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵكو ناتوانێ بەتەواوی پێداویستییە سەرەكییەكانی دانیشتوانەكەی خۆی لە خۆراك دابین بكات.
وێرانكردنی دێهاتەكانی كوردستان و ناچاركردنی دانیشتوانی بۆ ئەوەی لە ئۆردوگاكاندا بژین، گۆڕین رەفتاری ئابوورییانەی خەڵكەكەیە لە بەرهەمهێنەوە بۆ بەكاربەر، بەدوایشییدا بۆ خەڵكی مشەخۆر، دواتر بۆ ئەوەی ناچاربن بچنە ژێر باری ئەوەی كە رژێم دەیویست.
ئەوەی لێرەدا پێویستە بگوترێ، ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان، گەڕانەوەی گوندییەكان، كە ئێستا زۆرێكیان بەحوكمی زەرورەت بەشێوەیەكی بێ بەرنامە ئاوەدانكراونەتەوەو حكومەتیش بەهەمان شێوە بەبێ بەرنامە پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ جێبەجێكردوون، پێویستی بە پرۆژەیەكی نیشتیمانی هەیە كە هەموو كایەكان لە خۆ بگرێت، پرۆژەكە لە پەرلەمان بە كۆدەنگ پەسەند بكرێت، ساڵانە لەبودجەی گشتی پارەی بۆ تەرخان بكرێت، تاوەكو بەبەرنامە ئاسەواری ئەو پرۆسە بەدناوەی ئەنفال كە بۆ دابڕانی مرۆی كورد بوو لە خاك بەتەواوی بسڕێتەوەو گیانی ئەو پەیوەندییە بەشێوازێكی نوێ زیندوو بكرێتەوە، جاریكی تر ئەو ناوچانەی پرۆسەكانی ئەنفال گرتبوونیەوە، وەك جاران ببنە سەرچاوەی دابینكردنی پیداویستییەكانی هەرێمی كوردستان و سەرجاوەی بەدەستهێنانی دراوی بیانی بەحوكمی رەوانەكردنە دەرەوەی بەرهەمەكانیان.

بۆچوون