Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2017/05/18 20:26
نوسەر: جینۆساید كورد

تێنەگەشتن لە ئەنفال؟

تێنەگەشتن لە ئەنفال؟
ئەم ووتارە، لە پاشكۆیەكی تایبەتی دەزگای لێكۆڵینەوە بۆ جینۆسایدو ئەنفال و رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌، لە یادی 29 ساڵەی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، واتە ئەمساڵ بڵاوكرایەوەو لەم بارەشەوە كەناڵی كەی ئێن ئێن بۆ ماوەی 20 خولەك گفتوگۆی لەگەڵ ئێمە كرد. لەبەر ئەوەی ئەوكاتە ماڵپەڕی جینۆساید كورد كارا نەبوو، وا ئێستا ووتارەكە بڵاو دەكەینەوە.

تەهاسلێمان

29 ساڵە لە سەر ئەنفال و ڕەهەندە ترسناكەكانی دەنوسین و و بڵاو دەكەینەوە، هەمووجارێكیش دەڵێین و دووبارەمان كردوەتەوە، كە كاركردن لەسەر ئەنفال مەرج نییە تەنها لە چواردەی چواردابێ‌، بەڵكو كاركردن لەسەر ئەم پرسە و تەواوی لایەنە جۆراو جۆرەكانی و باگراوەندە فەلسەفی و فیكری و سیاسییەكەی، پێداویستییەكی هەمیشەیی و یەكێكە لە ئەركە بنەڕەتییەكانمان.
ڕەوایە لێرەوە بپرسین ئایا درووست وامان كردوەو كارمان لە سەر ئەنفال كردوە لەسەر هەموو ئاستەكان؟ بۆ وەڵام بەم پرسیارەو قسەكردن لەسەر ئەو ناونیشانەی سەرەوە، ناچارین بە قسەیەكی نالۆژیكی هاوڕێیەكی بەڕێزم دەست پێبكەم كە ئێستا بەرپرسیارێتییەكی باڵای هەیە، كە لە گفتو گۆیەكدا لەسەر پرسی ئەنفال پێی وتین پێویست ناكا ئیتر قسە لە سەر ئەنفال بكەین نوسەرێكی دیاری كوردستان، وتارێكی باشی لەسەر ئەنفال لە یەكێك لە گۆڤارەكاندا نوسیوەو بڵاو كردوەتەوە!! بۆیە ئەو مافەم بە خۆماندا، ناو نیشانی ئەم ووتارە بەو شێوەیە ( تێنەگەیشتن لە ئەنفال) دابنەین؟ كەوایە كامەیە ئیشكالییەتی تێنەگەیشتنی ئێمە لە ئەنفال و بۆچی ئەم ئیشكالییەتە؟
بە بڕوای ئێمە تێنەگەیشتن لە ئەنفال سەرەتای ئەم ئیشكالیەتەیە بۆ كۆمەڵگای ئێمە، بە هەموو چین و توێژەكانییەوە بە گشتی و توێژی ڕووناكبیرو خوێندەوارەكەی بە تایبەت. ئاخر تائێستا دیارترین ڕووناكبیر یان نووسەر، كاركردن لەسەر ئەنفال بە وەزیفەی خۆی نەزانێ‌ و كەچی لە هەموو كات و ساتێكدا، قسەی لەسەر ئەوەبێ‌ كە پێویستە كۆمەڵگایەكی تەندرووستمان هەبێ‌، ئەمە دەبێت چی بێدەربەستیەك بێت؟
جومگەی سەرەتانی تێگەیشتن لە ئەنفال لە ڕوانگەی بەعس ناسییەوە، تووخمی بنەڕەتی دانەمەزراندن و بنیادنانی كۆمەڵگایەكی تەندروستە! چۆن دەتوانرێ‌ كۆمەڵگایەكی تەندرووستمان هەبێ‌، ئەگەر لە ئەنفال و ڕەهەندە فەلسەفی، فیكری، سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی، دەروونییەكانی تێنەگەشتبێتین؟
ئەمە سەرەتای ئەو ئیشكالییەتەیە كە بە درێژایی سوڕەكانی مێژوو بەرۆكی ئێمەی گرتوەو هەمان تێنەگیشتن، لە لەبەرامبەر پرسێكی گەورەی وەك تاوانی ئەنفال كە هەوڵی سرێنەوەی شوناسی نەتەواتیمانە، یاخەمان دەگرێتەوەو دەبێتە هەڕەشەیەكی جیدی لەسەر ئایندەمان. ترسناكتر لەوە نییە، كە تاوانی ئەنفال و دۆسیەكەی بەم پەرش و بڵاوی و پەرتییەوە جێبێڵین و بمانەوێ‌ لە ئایندەمان تێبگەین یاخود ئایندە بنیاد بنێین.
ئێستا و دوای تێپەڕبوونی بیست ونۆ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا، كاركردنی ئێمە درووشمی سیاسی خوڕسكیانەی تێنەپەڕاندوەو رێ‌ و شوێنە بنەڕەتییەكانی خۆی وەرنەگرتوە؟ كەوایە پێش هەموو شتێك پێویستمان بەوەیە ئەو فۆرمی كاركردنەی ئەو بیست و نۆ ساڵەی پێشوومان تێك بشكێنین و لە جێگایدا فۆرمێكی تر، كە پێش هەموو شتێك بتوانێ‌ ئیشكالییەتی تێنەگەیشتنمان بەلاوە بنێ‌، بێنینە پێشەوەو كاری پێبكەین.
فۆرمێك تێگەیشتنمان بخاتە سەر ڕەوتی ڕاستەقینەی كاركردنی پێویست لە سەر ئەنفال. فۆرمێك تارمایی خوێن ساردی و هەستنەكردن بە بەرپرسیارێتیمان لەبنەوەڕا هەڵتەكێنێ‌ و بمانخاتە بەردەم لێپرسینەوەی جیدی؟ ئەگەر ئەمە نەكەین، پڕۆژەی كاركردن لەسەر ئەنفال و كردنی بە نەخشەڕێگای بنیادنانی ئایندەمان، بەو پەرتەوازەیی و بێسەرو بەرییەیی ئێستا، دەمێنێتەوەو لە هەمان كاتدا ناتوانین پێش لە مەترسییەكانی دووبارە بوونەوەی بگرین لە فۆرم و شێوازی تردا؟

بۆچوون