Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2017/05/21 18:03
نوسەر: جینۆساید كورد

ژووری زیندانەكە زۆر تاریك بوو؟

ژووری زیندانەكە زۆر تاریك بوو؟
“س، خ، ك” تەمەن 1972 ، یەكێكە لە رزگاربوەكانی ژێر دەستی رەشی داعش. ئەو لە باسی بەسەرهات و گێڕانەوەی چیرۆكی لای تیرۆریستانی داعش، دەڵێ‌”: لە گوندی كۆچۆوە دەرچووم بۆ شەنگال، دوو رۆژ لەوێ‌ مامەوە. لە رۆژی 23-8-2014 لە شەنگال دەستگیریان كردم و دواتر بردمیان بۆ تەلعەفەر. چوار رۆژیش لەوێ‌ مامەوەو لەوێشەوە بۆ بادوش و جارێكی تر گەڕاندمیانەوە بۆ تەلعەفەر، یەك لەناو قوتابخانەیەكدا مامەوە. دواتر بردمیان “كسر المحراب” و دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ، بردمیان بۆ هۆڵی شایی لە موسڵ و لەوێشەوە رەوانەی سوریایان كردم، بە دیاری كراوی شاری رەقە، كە سەرەتای مانگی شوباتی 2015 بوو، بە پاس سەرمانیان خست.
ئەم ئافرەتە ئێزیدیە باسی ئەوەش دەكات لە سەرەتاوەو لە شاری رەقە، بردویانن بۆ ناو باخێك و بیست و چوار رۆژ لەوێ‌ ماونەتەوە. دوای ئەوە بەسەر بارەگاكانی داعشدا دابەشیان كردون و كەسێك ئەمی كڕیوەو دواتر عەرزی كردوە بۆ فرۆشتن، بەڵام بە بۆنەی كچە مناڵە بچوكەیەیەوە كەس ئامادەی ئەوە نەبوە بیكڕێت، كە كچەكەی تا ئێستا لای داعشەو ئازاد نەكراوە.
ئەو باسی چۆنێتی هەڵاتنەكەی دەكات، كاتێك كە لەناو ئۆتۆمبێلی داعشەكاندا بوەو داعشەكان سەرقاڵ بوون، ئەمیش فرسەت دێنێ‌ و هەڵدێ‌ و بە خێرایی سواری تاكسییەك دەبێت. خۆیشی دەڵێ‌”: بە شۆفێری تاكسییەكەم وت، رزگارم بكات و بمگەیەنێتە سنوری توركیاو من كەقسەم لەگەڵ دەكرد، ئەو پیاوەی منی كڕیبو هات و پێمەوە نوسا، خۆم و مناڵەكانم لە ناو تاكسیەكە دەرچوین.
ئیتر لێرەوە ژیانی ئەم ژنە ئێزدییە سەخت و بە ئازارتر دەبێت، چونكە ئەو پیاوەی كە كڕیبووی بۆ ماوەی سیانزە رۆژ زیندانی دەكات لە بەرامبەر هەوڵی هەڵهاتنی. ئەوەتا خۆیشی دەڵێ‌”: ژووری زیندانەكە زۆر تاریك بوو”. دوای ئەم ماوەیە پیاوێكی سعودی دێت و لەم كەسەی تری دەكرێ‌ و دەیبات بۆ شاری حمس. وەك خۆی دەڵێ‌”: بۆ ماوەی چل رۆژ لەوێ‌ مامەوەو ئەویش بە گەنجێكی فرۆشتم و گەنجەكەش جارێكی تر هێنامیەوە بۆ رەقە”.
ئای لەم ئازارە نەبڕاوە، تەماشا گەنجەكە كچەكەی دەبات و ئافرەتەكەش لەگەڵ كوڕەكەی بە كەسێكی تر دەفرۆشێت و وەك خۆی باسی دەكات “بۆ ماوەی شەش رۆژ لە یەكێك لە بارەگاكان مامەوە”. باسی ئەوەش دەكات و دەڵێ‌”: یەكێك لە پاسەوانەكان كوردبوو، بە لەهجەی سۆرانی قسەی دەكرد، ئەو لە یەك ژوور دەخەوت و من و كوڕەكەشم لە یەك ژوور دەنوستین لەو هەمان بارەگادا، دوای شەش رۆژ هەڵهاتم بۆ ماڵێك نزیك بارەگاكە بوو، لێرەوە بە رێگای مۆبایل پەیوەندیم كرد بە كەس و كارمەوە، بۆ ئەوەی قاچاخچی بنێرن و لێرە رزگارمان بكەن”.
ئەم ژنە ئێزدییە باسی ئەوەش دەكات لە ماوەی مانەوەیان لە ژێردەستی داعش، روو بەڕووی برسێتی، لێدان و سوكایەتی بوونەتەوەو ئەوەش باس دەكات كە رزگاركردنەكەی بیست هەزار دۆلاری تێچوەو كچەكەشی تا ئێستا لای داعشەو داوای چل هەزار دۆلار دەكەن بۆ ئازادكردنی.
كێ‌ كچەكەی بۆ رزگار دەكات؟ كێ‌ ئەم برینەی ناو هەناوی ساڕێژدەكات؟ كێ‌؟
• لە واڵای داود موراد خەتارییەوە

بۆچوون