Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2017/05/23 16:59
نوسەر: جینۆساید كورد

بۆ جینۆسایدی ئێزیدییەکان داوای دادگایەکی نێودەوڵەتی دەکرێت

بۆ جینۆسایدی ئێزیدییەکان داوای دادگایەکی نێودەوڵەتی دەکرێت

لیژنەی باڵای ناساندنی جینوسایدی کوردان ئیزیدی و پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینەکان لەگەڵ نوێنەری وڵاتانی لە ھەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

دوای ئەوەی لە دوایین کۆبوونەوەی خوێیدا بڕیاری دا بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکھینانی دادگای تایبەت بە جینۆساید لەگەڵ نوێنەری وڵاتان کۆبێتەوە، لیژنەی باڵای ناساندنی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی و پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینەکانی تر رۆژی ٢٣/٥/٢٠١٧ لە فەرمانگەی پەیوەندیەکانی حکومەتی ھەرێم لە شاری ھەولێر لەگەڵ نوێنەری وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان  و نوێنەری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوەکانی تایبەت کۆبووە.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی لیژنەکە، بەخێرھاتنی میوانانی کردو سوپاسی کردن بۆ بەدەنگەوە ھاتنی لیژنەکەیان، ھاوکات ئەندامانی لیژنەی باڵا بە ئەندامانی وڵاتان ناساند.

ھەروەھا پوختەیەکی لەسەرھەوڵەکانی لیژنەی باڵا پێشکەشکردو جیدیەتی حکومەتی ھەرێمی خستەڕوو بۆ بەجینوسایدی ناساندنی ئەو تاوانە گەورەیەی داعش کە بەرامبەر کوردانی ئیزیدی ئەنجامی داوە و پێی راگەیاندن کە چەندان کەیسی یاسایی تایبەت لەسەر ئەو تاوانانە ئامادەن تاکو لیکولینەوەی
دواتر محمودحاجی ساڵح سەرۆکی لیژنەکە لە وتەیەکدا تیشکی خستە سەر ئەو بژاردانەی کە لیژنەکە کاری لەسەر کردوە دوای ئەوەی نائومێد بوون لەوەی کە دادگای باڵای نیودەوڵەتی ICC  بەھۆی ئەندام نەبوونی عیراق لەو دادگایە ناتوانێت لێکوڵینەوە لەو کەیسەدا بکات
تەواوی وتەی وەزیری شەھیدان.
بەرێزان نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان و یۆنامی لە عێراق و کوردستان…
بەرێزان کونسوڵانی گشتی ووڵاتانی ھەمیشە ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش….
بەرێز سەرۆکی نێردەی یەکیتی ئەوروپا لە کوردستان….

میوانە بەرێزەکان…..
بە ناوی ھاوکارانم لە لیژنەی باڵای بەجینۆساید ناساندنی کوردانی ئێزیدی و پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینەکانی تر, بەخێرھاتنی گەرمی ھەموو لایەکتان دەکەین و سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەین لەم کۆبوونەوەی ئەمرۆماندا, کە تایبەتە بە پرسێکی گرنگی دوای قۆناغی رزگارکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش و تێکشکاندنی تیرۆریستان لە عیراق و سوریا بە گشتی و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی.

بــەرێــزان….
ئەمە بۆ جاری سێیەمە کە لیژنەکەمان لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە, کۆبوونەوەی ئەم جارەمان بە مەبەست لەگەڵ کونسوڵانی وڵاتانی ھەمیشە ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش و نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەین لەسەر پرسی دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە تاوانەکانی داعش لە عیراق و سوریا و وڵاتانی تر ھاوشێوەی دادگا نێودەوڵەتیەکانی تر.

وەک لای ھەموومان ئاشکرایە, کە دوای ھاتنی داعش لەمانگی ٦/٢٠١٤ و داگیرکردنی شاری موسڵ و دەوروبەری و دواتر ھێرشکردنیان بۆ سەر شاری شەنگال و ناوچەکانی دەشتی نەینەوا لە ٣/٨/٢٠١٤ و ئەنجامدانی کۆمەڵکۆژی دژ بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە لەکوردانی ئێزیدی و کریستان و کاکەیی و شەبەک و پێکھاتەکانی تر کە سەر ئەنجام سەدان کەس کۆمەڵکوژکران و سەدانی تریش لە ژن و منداڵ و پیرو پەککەوتەیان راپێچی زیندانەکانی خۆیان کرد و دواتریش وەکو دیل و سەبایا ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ کرا لە لایەن چەکدارانی داعش و منداڵەکانیش بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە وەک ئامرازێکی جەنگی بە کاریان دەھێنن وەک درعێک  بەمەبەستی خۆکوژی و بە زۆر ھەوڵی گۆرینی ئاینەکەیانیان داوە کە بە پێ ی پێوەرەکانی یاسای نێودەوڵەتی دەچنە خانەی جینۆسایدەوە.

بەرێزان…..
بابەتی لێکۆڵینەوە لەم تاوانانە و بەدەست ھێنانی دادپەروەری ڕاستەقینە پێویستی بە ھاوکاری و پشتگیری ئێوەی بەرێزە بە تایبەت کە بە داخەوە ھەتا ئێستا ھیچ دادگایەک لێکۆڵینەوەی لەم کەیسە نەکردووە نە دادگای نێودەوڵەتی و نە دادگای ناوخۆیی. لەبەر ئەوەی عیراق ئەندام نییە لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان (ICC) و تەنانەت دوای سەردانیکردنی وەفدی باڵای لیژنەکەمان بۆ دادگای ناوبراو و بە بیانووی ئەم ھۆکارە ئامادەنەبوون ھیچ لێکۆڵینەوەیەک لەم تاوانە بکەن لە کاتێکدا دوای ئەوەی لە    ١٧/تموزی/ ١٩٩٨ و لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە (UN) زیاتر لە ١٢٠ ووڵات ئیمزای بنەمای رۆمایان کرد وەکو بنەمایەک بۆ دامەزراندنی (ICC) بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسیەوە کە بریتین لە تاوانی کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ کە سەرجەم ئەم تاوانانە لە لایەن داعشەوە ئەنجام دراون و جگە لە ئاسایشی ناوچەکە, ئاسایشی نێودەوڵەتیشیان خستووەتە مەترسیەوە.

بەڵام رێگاچارەی ترمان لەبەر دەستە بۆ ئەوەی چیتر ئەم کەیسە بە بێ لیکۆڵینەوە نەبێت کە ئەویش ئەکرێت لەسەر داوای خوودی دادگاوە بێت, یان لە لایەن ووڵاتانی ئەندام لە دادگاکە یان نەتەوە یەکگرتووەکان و یان ئەندامانی ھەمیشە لە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەم تاوانە بکرێت, بۆ نموونە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان (ICC) بۆی ھەیە لێکۆڵینەوە بکات لەو کەسانە کە تاوانبارن بە ئەنجامدانی تاوان و بەرپرسی راستەوخۆی تاوانەکانن یان ئەوانی تر کە راستەوخۆ بەرپرسیارنین وەک پلاندارێژەر یان بەرپرسن یان ھاندەرن. ھەروەھا ئەو ووڵاتانەی کە یاسای رۆمایان ئیمزاکردووە یان ووڵاتانی ھەمیشە ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش ئەتوانن داوای لیکۆڵینەوە بکەن لە ھەر کەیسێک لە چوارچیوەی دەسەڵاتی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان (ICC) بێت یان داوای کردنەوەی دۆسیە بکەن بۆ ھەر کەیسێک.

میوانە بەرێزەکان…..
یاسای (ICC) ئەو وڵاتانەی ملکەچ کردووە کە ھاوکاری تەواوی دادگا بکەن لە کاتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە یان کردنەوەی ھەر دۆسیەیەک بۆ ئەوەی تاوانباران ڕادەستی دادگا بکەن ئەگەر ھاتوو لەو ووڵاتانە بن یان ھاوڵاتی ئەو وڵاتانە بن یان ھەر بەڵگەیەکیان ھەبێت بۆ کردنەوەی دۆسیە لەم دادگایە.

لەبەر ئەوەی (ICC) ئامادەنەبوو لیکۆڵینەوە لەم کەیسە بکات, داواکارین لە نەتەوە یەکگرتووەکان وئەنجوومەنی ئاسایش کە ھاوشێوەی دادگاکانی (تاوانەکانی یۆگسلافیای پێشوو و تاوانەکانی رواندە و کۆسۆفو و بوسنە و ھرسیک و تەیموری رۆژھەڵات و کەمبۆدیا و رەفیق حەریری) دادگایەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە تاوانەکانی داعش لە عێراق و سوریا وھەر ووڵاتێکی تر دروست بکات کە داعش تاوانی تێدا ئەنجام داوە بۆ دادگایکردنی سەرکردەکانی داعش بە ھاوکاری و بەشداری پسپۆر و شارەزا و دادوەرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی. کە ئەم ھەنگاوەش پێویستی بە ووتووێژی بەردەوامی بەرێزتان ھەیە بۆ ئەوەی رەزامەندی حکومەتی فیدراڵی لە عێراق وەربگیرێت و لە لایەکی ترەوە ئەگەر ئەم ھەنگاوەمان لەم کاتەدا جێ بەجێ نەکرا ئەوا داواکارین کە ھاوکارمان بن بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی لە عێراق رازی بکەین بۆ دروستکردنی دادگایەکی ناوخۆیی تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش بە ھاوکاری پسپۆران و شارەزایانی نێودەوڵەتی لەبەر ئەوەی ئەم کەیسە کەیسێکی نێودەوڵەتیەو تاوانی کۆمەڵکوژی و دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی دژ بە قوربانیەکان ئەنجام دراون.

لە کۆتاییدا وێرای دەست خۆشیمان لە فەرمانگەی پەیوەندیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنی ئەم کۆبوونەوەیە, سوپاسی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزەکانی ناوخۆ دەکەین لە پاراستنی خاک و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا سوپاسی زۆرمان بو ھێزەکانی ھاوپەیمانان ھەیە کە ھاوکاری و پشتگیریمان بوون لە بەدەستھێنانی ئەو سەرکەوتنانەی کە بە دەست ھاتوون, سەری رێز دادەنوێنین بۆ ئەو شەھیدانەی کە بە خوێنی گەشی خۆیان تیرۆریستانیان تێکشکاند و لە پێناوی ئازادی گیانی خۆیان بەخشی وھیوای چاکبوونەوەی زوو بۆ بریندارەکانمان دەخوازین و دووبارە سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەین و ھیوادارین بتوانین ھاوکارمان بن لەم ھەنگاوەمان بۆ بەدەستھێنانی دادپەروەری ڕاستەقینە و ئێوەش ھەر شاد و سەرفرازبن.

پاشان نەزمی حزوری کونسلی فەلەستین لە ھەرێمی کوردستان وەکو عەمیدی دبلوماتکاران لە ھەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا تیرۆری بە تۆپێکی ئاگرینی خولاوە وەسف کرد کە ھەموولایەک دەگرێتەوە و بە ئەرکی ئەخلاقی و مرۆیی زانی ھەموولایەک بەشدار بن لە راگرتنی ئەو تۆپە ئاگرەی تیرۆر بە پێویستیشی زانی کە ھەمولایەک دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە بۆ تجریم کردنی ئەو تاوانانەی داعش ئەنجامی داوە.

دواتر نێردەی یەکێتی ئەوروپا لە وتەیەکدا بەپێویستی زانی لیژنەی باڵا بانگێشتی ئەو کۆنگرە نێو دەوڵەتیانە بکرێت کە بە مەبەستی باس کردنی دژایەتی کردنی تیرۆر دەبەسترێک و بەلێنی دا ھەموو توانا یاساییەکانی خۆی بۆ ئەم بابەتە بخاتە کار.

لەلایەن خۆیەوە کونسلی فەرەنسا لە وتەیەکدا تیشکی خستە سەر کۆنگرەی باریس کە ساڵی ٢٠١٥ تایبەت بە تیرۆر ئەنجام درا و روونیکردەوە کە لە سێ رووەوە باسی تیرۆری تێدا کرا ئەوانیش لایەنی مرۆیی و سیاسی و یاسایی بوو دوپاتی کردەوە کە لەو کۆنگرەیەدا باسی دادوەری تێدا کرا.

نوێنەری فەرەنسا راشیگەیاند: بەیانی لە مەدریدی پایتەختی ئسپانیا کۆنگرەیەکی ھاوشێوە بۆ تەئکید کردنەوەی بۆچوونەکانی کۆنگرەی پاریس دەبەسترێت .
لە وتەیەکدا رویدا الحاج نێرەی نووسینگەی مافی مرۆڤ لە یونامی پشگیری سیاسی بۆ ئەم کەیسەی ، کۆکردنەوەی بەڵگە و دیکۆمین کردنی تاوانەکان کارکردن لەسەریان بە گرنگ لەقەلەمدا و ھیوای خواست کاری جیدی لەسەر بکرێت و ئەوەشی روون کردنەوە کە نەتەوە یەگرتووەکان کاری لەسەر کردوە و ھەروەک لە مانگی ٦ ی ٢٠١٤ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە لەوانەیە تاوانی جینوساید ئەنجام درابێت ، گوتیشی کە دەلێین لەوانەیە مەبەست ئەوە نیە کە گومانمان ھەبێ بەلگۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو پرسە دەبێ لەلاین دادگایەکی تایبەت بکرێت.

تیشکی خستە سەر پرۆژەیەکی گرنگیش کە یونامی کاری لەسەر دەکات بۆ دادپەروەری و پشتگیری یونامی بۆ کاری لیژنەکە دوپات کردەوە
لە لایەن خۆیەوە بەرێز رامناسنن باکرشنن نوێنەری ێندوقی نەتەوە یەکگرووەکان بۆ نیشتەجێ کردن لە وتەیەکدا نێوەندە نێو دەوڵەتیەکانی بە قەرزارباری قوربانیان و زیندوانی ئەو تاوانانە لەقەلەم دا کە داعش ئەنجامی داون و بە ئەرکی ھەموولایەکی زانی پشتگیری رزگار بوان بکرێت بەتایبەتی و روونی کردەوە کە رێکخراوەکەیان تاکو ئیستا لە رێگای سەنتەرێکەوە ھاوکاری ١٠٠٠ کەسی کردوە رزگار بووی شەڕی داعشی کردوە و بەپێویستی زانی زیاتر ھاوکاری پێشکەش بەو کەسانە بکرێت.

رایگەیاند: ھەموولایەک کۆکین لەسەر ئەوەی کە دەبێت تاوانکارانی ئەو جینۆسایدانەی داعش ئەنجامی داوە بدرێنە دادگا و بەسزای خۆیان بگەین بە لیژنەکەشی راگەیاندن کە دەکرێ پشتیان پێ ببەستن و ھاوکاری بەردەوامیان دەبن

لەکۆتاییدا ئەو بژاردانە خرانە روو کە لیژنەی باڵای جینوسایدی کوردانی ئیزیدی و پێکھاتەکان تر گەڵاڵەی کردوون و رای ئەندامانی ولاتانی لەسەر وەرگیراو داوایان لێکرا پشگیری ئەم بابەتە بکەن.

نێردەی یەکێتی ئەوروپا و نوێنەری یونامی داوای لە لێژنەی باڵا کرد لە داھاتوێکی نزیکدا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدرێت بۆ ئاگادار بوون لە ئامانج و دوا ھەنگاوەکانی کاری لێژنەی باڵا و میکانیزمی چۆنیەتی ھاوکاری و ھەماھەنگی کرد بۆ سەرخستنی ھەوڵەکانیان.

راگەیاندنی وەزارەتی شەھیدان

بۆچوون