Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2017/05/24 12:09
نوسەر: جینۆساید كورد

ووتاری كۆنفرانسی كەلار-یادەوەری ئەنفال 2017

بەرێز: وەزیری شەهیدان و ئەنفالكرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
بەرێز: سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان
بەرێزان: دام و دەزگاكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و شاری كەلار
بەرێزان: حزب و لایەنە سیاسیەكان
بەرێزان: ئامادەبوانی خۆشەویست
بەناوی لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنفرانسەوە بەگەرمی بەخێرهاتنتان دەكەین، بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسەكە و هاتنتان بەرز دەنرخێنین.
بەرێزان: 29 ساڵە لە سەر ئەنفال و ڕەهەندە ترسناكەكانی دەنوسین و و بڵاو دەكەینەوە، هەمووجارێكیش دەڵێین و دووبارەمان كردوەتەوە، كە كاركردن لەسەر ئەنفال مەرج نییە تەنها لە چواردەی چواردابێ‌، بەڵكو كاركردن لەسەر ئەم پرسە و تەواوی لایەنە جۆراو جۆرەكانی و باگراوەندە فەلسەفی و فیكری و سیاسییەكەی، پێداویستییەكی هەمیشەیی و یەكێكە لە ئەركە بنەڕەتییەكانمان.
ڕەوایە لێرەوە بپرسین ئایا درووست وامان كردوەو كارمان لە سەر ئەنفال كردوە لەسەر هەموو ئاستەكان؟ بۆ وەڵام بەم پرسیارەو قسەكردن لەسەر ئەو ناونیشانەی سەرەوە، ناچارین بە قسەیەكی نالۆژیكی دەست پێبكەین، كە زۆر جار لە ئاستی نابەرپرسیارێتیدا، گوێمان لەو وتە زایە دەبێت كە دەوترێ‌ پێویست ناكات ئیتر كار لەسەر ئەنفال بكەین؟ ئەگەر ئەم قسەیە هی بژاردەیەكی كەمیش بێت، بەڵام لەسەر راوەستانی زۆر گرنگ و بەرپرسیارێتیەكی گەورەیە، چونكە رانەوەستان لەئاست ئەم وتە زایەو وڵام نەدانەوەی، دەمانگەیەنێتە تونێلێكی تاریك و بن بەست؟
ئامادەبوانی بەرێز: بە بڕوای ئێمە تێنەگەیشتن لە ئەنفال سەرەتای ئەم ئیشكالیەتێكی گەورەیە بۆ كۆمەڵگای ئێمە، بە هەموو چین و توێژەكانییەوە بە گشتی و توێژی ڕووناكبیرو خوێندەوارەكەی بە تایبەت. سەرنج بدە تائێستا دیارترین ڕووناكبیر یان نووسەر، كاركردن لەسەر ئەنفال بە وەزیفەی خۆی نەزانێ‌ و كەچی لە هەموو كات و ساتێكدا، قسەی لەسەر ئەوەبێ‌ كە پێویستە كۆمەڵگایەكی تەندرووستمان هەبێ‌، ئەمە دەبێت چی بێدەربەستیەك بێت؟
ئێمە وای دەبینین، جومگەی سەرەتانی تێگەیشتن لە ئەنفال لە ڕوانگەی بەعس ناسییەوە، تووخمی بنەڕەتی دانەمەزراندن و بنیادنانی كۆمەڵگایەكی تەندروستە! چۆن دەتوانرێ‌ كۆمەڵگایەكی تەندرووستمان هەبێ‌، ئەگەر لە ئەنفال و ڕەهەندە فەلسەفی، فیكری، سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی، دەروونییەكانی تێنەگەشتبێتین؟
ئامادەبوانی خۆشەویست: ئەمە سەرەتای ئەو ئیشكالییەتەیە كە بە درێژایی سوڕەكانی مێژوو بەرۆكی ئێمەی گرتوەو هەمان تێنەگیشتن، لە لەبەرامبەر پرسێكی گەورەی وەك تاوانی ئەنفال كە هەوڵی سرێنەوەی شوناسی نەتەواتیمانە، یاخەمان دەگرێتەوەو دەبێتە هەڕەشەیەكی جیدی لەسەر ئایندەمان. ترسناكتر لەوە نییە، كە تاوانی ئەنفال و دۆسیەكەی بەم پەرش و بڵاوی و پەرتییەوە جێبێڵین و بمانەوێ‌ لە ئایندەمان تێبگەین یاخود ئایندە بنیاد بنێین.
ئامادەبوان: ئێستا و دوای تێپەڕبوونی بیست ونۆ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا، كاركردنی ئێمە درووشمی سیاسی خوڕسكیانەی تێنەپەڕاندوەو رێ‌ و شوێنە بنەڕەتییەكانی خۆی وەرنەگرتوە؟ كەوایە پێش هەموو شتێك پێویستمان بەوەیە ئەو فۆرمی كاركردنەی ئەو بیست و نۆ ساڵەی پێشوومان تێك بشكێنین و لە جێگایدا فۆرمێكی تر، كە پێش هەموو شتێك بتوانێ‌ ئیشكالییەتی تێنەگەیشتنمان بەلاوە بنێ‌، بێنینە پێشەوەو كاری پێبكەین.
فۆرمێك تێگەیشتنمان بخاتە سەر ڕەوتی ڕاستەقینەی كاركردنی پێویست لە سەر ئەنفال. فۆرمێك تارمایی خوێن ساردی و هەستنەكردن بە بەرپرسیارێتیمان لەبنەوەڕا هەڵتەكێنێ‌ و بمانخاتە بەردەم لێپرسینەوەی جیدی؟ ئەگەر ئەمە نەكەین، پڕۆژەی كاركردن لەسەر ئەنفال و كردنی بە نەخشەڕێگای بنیادنانی ئایندەمان، بەو پەرتەوازەیی و بێسەرو بەرییەیی ئێستا، دەمێنێتەوەو لە هەمان كاتدا ناتوانین پێش لە مەترسییەكانی دووبارە بوونەوەی بگرین لە فۆرم و شێوازی تردا؟
خۆشەویستان: ئەمە كرۆك و گەوهەری ئەم هەوڵە بچوكەی ئێمەیە وەك سەنتەری دراساتی ستراتیژی جینۆساید لە پەیمانگای تەكنیكی تایبەت لە كەلارو دەزگای لێكۆڵینەوە بۆ جینۆسایدو ئەنفال، كە لەئاست دوو تەوەری گرنگ ئەوانیش پێویستی پێكهێنانی دادگای تاوانەكان لە كوردستان و شێوازو میكانیزمی ناساندن و بەنێودەوڵەتیكردنی تاوانی جینۆسایدو ئەنفالن.
ئومێدمان وایە، لایەنی كەمی ئەم ئیشە ببێتە هۆكاری گفتوگۆیەكی بابەتیانەو سەرەتایەك بۆ وڵامدانەوەی پرسیارەكانمان.

لیژنەی باڵا
14-4-2017

بۆچوون