Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2017/05/24 16:59
نوسەر: جینۆساید كورد

ماسكەكان چیرۆكی كچە ئێزدیه‌كان دەگێڕنەوە

ماسكەكان چیرۆكی كچە ئێزدیه‌كان دەگێڕنەوە

ئێوارەی دوێنێ 23-5-2017 لە گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی پێشانگایەكی تایبەت بە نموونەی ماسكی كچانی قوربانی دەستی داعش كرایەوە كە هەر ماسكێك ئاماژەیەك بوو بۆ ڕوخساری ڕاستەقینەی كچە ئێزدیه‌ك.

هاتنی  گروپی تێرۆرستی  داعش  بۆ عيراق و كوردستان چەندین قوربانی مرۆیی و مادی لێكەوتەوە كە هەموو گەلانی عيراق بەبێ جیاوازی بوونە قوربانی كارە دڕندانەكانی ئەو گروپە  تێرۆرستیە، كچانی ئێزیدی یەكەم قوربانی دەستی داعشن، چونكە زۆرێكیان لێكوژراو و ئەوانی تریش ڕفێندران و دەستدرێژیان كرایە سەر، بۆ گێڕانەوەی ئەم چیرۆكەش هونەرمەندێك نموونەی ماسكی ئەو كچانە وەردەگرێت و لە كارێكی هونەریدا  چیرۆك و ئازاری ژێر ماسكەكان دەگێڕێتەوە.

سەبارەت بە كارەكەی مامۆستا ڕێبین چالاك بۆ PUKmedia وتی:  لە ڕاستیدا من پێشتر بیرۆكەی ئەوەم هەبوو كە ماسك بۆ هەرچی سەركردەی كوردە دروست بكەینەوە، تا بتوانین مۆزەخانەیەكی تایبەتیان بۆ دروست بكەین، بەڵام دوای هاتنی داعش لە ساڵی 2014دا داگیركردنی بەشێك لە خاكی كوردستان و عێراق، هەروەها زانیمان كچان بە هەموو ئاینەكانەوە بوونەتە قوربانی بەتایبەت كچانی ئێزیدی، بۆیە بیرم لەوە كردەوە كە چۆن بە هونەر گوزارشت لەم قوربانیە بكەین و كەسایەتیشیان بپارێزین، تا لە كۆتایدا لەگەڵ چەند هاوڕێیەكم پەیوەندیمان لەگەڵ ئەو كچانەدا دروست كرد، دوای گفتوگۆیەكی زۆر باوەڕمان پێكردن كە هاوكارمان بن، چونكە كارەكەی ئێمە خزمەت بە كەیسەكەیان دەكات و بۆ ناساندنی وەك جینۆساید، تا پاڵشتی ئەو كچانە بین كە بوونەتە قوربانی و لە ڕووی مەعناویشەوە هاوكاریان بین بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگە.

سەبارەت بە ژمارەی  ئەو كچانەی ماسكیان وەرگیراوە، مامۆستا ڕێبین چالاك  وتی: دیارە ئەمە لە قۆناغ و شوێنی جیا كراوە، ئێمە بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی  شێوەكاری  سلێمانی  توانیومانە ماسكی 20 كچ وەربگرین، بەڵام ئەم ژمارەیە نموونەی ئەو  هەزاران كچەن كە  بوونەتە قوربانی  دەستی  ئەو چەتانە، دەربارەی ئەو مادەیەشی كە ماسكەكانی لێدروست كراوە وتی:  لە مادەیەك دروستكراوە كە جیبسنی پێدەڵێن ، بۆیە ئەو مادەیەمان بەكارهێناوە چونكە زوو وشك دەبێتەوە تا بتوانین بە زووترین كات نموونەی ڕوخساری ئەو كچانە وەربگرین، بۆ وەرگرتنی نموونەكانیش سەردانی دهۆك و زاخۆ و كەمپەكانمان كردوە، لە كۆتایشدا وتی: هەر لە گەڵ نمایشكردنی ماسكەكان فێلمێكی دیكۆمێنتاری نمایش دەكرێت كە هەر باس لە چیرۆكی ئەو كچانە دەكات و لە دەرهێنانی خۆمە.

PUKmedia  گۆران قادر

1 2 3 4

بۆچوون