Naxsh Bannar Ad

جینۆساید كورد
2014/09/12 7:28
نوسەر: جینۆسایدی کورد

دەست نیشانكردنی بەر پرسیارێتی لە جێبەجێكردنی شاڵاوەكانی ئەنفالدا “جینۆساید”

ئا: جینۆساید كورد

ئەوەی لە جێبەجێكردنی شاڵاوەكانی ئەنفالدا، بە پەلەی یەكەم یەكەم بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن، ئەم جومگە سەرەكی و ناوەندیانەی سیستەمی حكومڕانی بەعسن، لەوانە ” ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵوەشاوەی شۆِرش و ئەندامەكانی، پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیست و سەركردایەتی و مەڵبەندو لقەكانی لە سەر ئاستی پارێزگاو شارەكانی باشووری كوردستان، سوپای عێراق و هێزی ئاسمانی “بە یەكەكانی كۆماندۆ، هێزی تایبەت، ئەندازیاری و یەكەكانی بەكار هێنانی چەكی كیمیاوی”، گاردی كۆماری، بەڕێوەبەرێتی گشتی هەواڵگری سەربازی، بەرێوەبەرێتی گشتی ئاسایش، هێزەكانی كوتوپڕ، فەوجەكانی بەناو بەرگری نیشتمانی ” موستەشارو جاش”، سوپای میلی، لیژنەی پێشوازی كردن لەوانەی دەگەڕانەوە یان دەیانەویست خۆیان رادەستی هێزەكانی رژێم بكەن، لیژنەی ئەمنی بە ناوی بەگژاچوونەوەی چالاكی دوژمنكارانە، لیژنەی بەدوادا چون بۆ ئەوانەی دەگەڕانەوەو راونانی هەڵاتوەكان”.

لەنێو ئەم جومگە سەرەكی و یەكەو ناوەندانەدا، بە سەدان تۆمەتبارو داوا كراو هەن، كە راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ، بەشداربوون لە ئەنجامدانی تاوانی شاڵاوەكانی ئەنفال وەك تاوانی “جینۆساید”، بە تایبەت ئەو دەزگایانەی چ سەربازی یان ئەمنی یان هەواڵگری یاخود لقی پارتی بەعس لە پارێزگانی هەرێم یان هێزی ئاسمانی، هەموویان بە پێی بڕیاری ژمارە “160”ی 29- ی مارتی 1987 ی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە، خرابوونە ژێر دەسڵات و فەرمانی راستەوخۆی “عەلی حەسەن مەجید” بوون، بە واتایەكی تر تەنها بە گەڕانەوە یان وەرگرتنی ئۆكەی لە “عەلی حەسەن مەجید” دەیانتوانی پەلامارو كۆمەڵكوژی و شاڵاوێك ئەنجام بدەن و خەڵك بگرن و بكوژن و زیندانی بكەن و بێسەرو شوێنی بكەن.

بڕیاری ژمارە “160” ی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە، لەو بەروارەی سەرەوە كە باسمان كرد، دەسڵاتی رەهای لە بوارەكانی ” دەزگاكانی دەوڵەت، حیزبی، سەربازی، ئەمنی، هەوڵگری” بە هەموو واتایەك بەخشیبوە “عەلی حەسەن مەجید” و پێویستی بە هیچ دوو دڵی و گەڕانەوەیە نەبوو، بۆ هەر بریارێك بیدات و بیەوێ‌ جێبەجێی بكات.

ریزبەندی بەرپرسیارێتی سەربازی، جگە لە “سەدام حوسێن” وەك سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش و “عەلی حەسەن مەجید” وەك بەرپرسی یەكەم لە باشووری كوردستان لە هەموو ئاستەكان، بەم شێوەیە دەست پێدەكات بۆ یەكەكانی خوارەوە ” وەزیری بەرگری عێراق “عەدنان خەیروڵا” كە دواتر بە پڵانی “سەدام” لە رێگای كەوتنە خوارەوەی “هێلی كۆپتر كوژرا، سەرۆك ئەركانی سوپا “نزار عەبدل كەریم خەزرەجی” كە ئێستا لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە، فەرماندەی فەیلەقی یەك كە بارەگاكەی لە كەركوك بوو “سوڵتان هاشم”، فەیلەقی پێنج كە فەرماندەكەی “یونس مەحمەد زەرب” بوو، فەرماندەی مەیدانیش لیوا رووكن ” ئەیاد خەلیل زەكی  و بارق حاجی عەبدوڵا حنتە” بە دوای یەكدا فەرماندەیی شاڵاوەكانی ئەنفالی یەك و دوویان كردوە. ئەمە جگە لە چەندین فەرماندەی تری سەربازی لە ئاست و پلەی جیاجیا سەرپەرشتی و ئەنجامدەری هەر هەشت شاڵاوەكە بوون و تەواوی دەزگاكانی تری حكومەت و حزبی و سەربازیش، هەماهەنگ و هاوكارو چاوساغی هیزی سەربازی بوون، كە بڕوای ئێمە تێكڕای ئەوانە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن، لە سەروویانەوە “سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجید” كە لەبەرامبەر بەشێك لە بەرپرسیارێتی تاوانەكانیان لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 دادگایی كران و لە سێدارە دران.

بۆچوون